شێوەی نوسینی (لەسەر یا لە سەر، بەسەر یا بە سەر، کردبون یا کرد بون، تێ گەیشت یا تێگەیشت یا دۆخی وشەی لێکدراوی وەکو (شتومەک، باش و خراپ، بەژنوباڵا) کامەی دروستە...).
سابیر ژاکاو
سەرەتا سرنجتان بۆ بابەتێک ڕادەکێشم کە "ڕای تاکاکەسی" ڕایەکە کە تەنیا گرێدراو بە شوێن و چەند کەسێکی بێت کە هیچ چوارچێوە و پێوانەیەکی زانستی لە پشت نەبێت و پەیڕەوی نەکات. ڕایەک ئەگەر تاکەکەسیش بێت، بەڵام پشت بە زانست و چوارچێوەی زانستی ببەستبێت، ئیتر ڕای تاکەکەسی نیە و ئەمە لە تاکەکەسی دێتەدەر و دەبێتە ڕای دەیان و سەدان پسپۆڕ و کتێب و نامیلکەی زانستی جیهانی.
دیارە بەپێی زانستی زوان و زانستی نوێی زوان و زمانناسی، ئەمە ئاشکرایە کە "ڕێنوس" بابەتێکی گرێبەستی و ڕێککەوتنە و ئەم بابەتانەش، بەپێی ڕێنوسی گرێبەستی کۆڕی زانیاری کورد و ئەکادێمیای ئێستاکانە، بەبێ پشتبەستن بە چوارچێوەیەکی زانستی مۆرفۆلۆجی و لێکسیکۆلۆجی و ڕەوت و ڕەهەند و پێکهاتە مۆرفۆلۆجیکاڵی زوانی کوردی، وا دەردەکەوێت کە (دەبێت و نابێت)، واتە دەبێت ئاوا بنوسرێت و نابێت ئاوا بنوسرێت!
پەیویستە بزانین کە "دەبێت و نابێت" لە هیچ بەشێکی زانستی زوان و زمانناسی، جێیگەی نیە و پشتیوانەیەکی زانستی نیە، بەڵکو گرێبەستیە و دەکرێت بە خواستی نوسەر و چەند شوێنێک کە لە سەر شێوە و إۆڕمێکی نوسین پێکهاتون، بە فۆڕمی خۆیان بینوسن، ئەمەی دیکە، دەکەوێتە سەر ئەرکی ئیدیتۆر و ئیدیتینگ کە کاری پێداچوونەوەی ڕێنوسی بۆ بابەت و نوسراوەکان دەکات!
باشترە کە لە سوچ و سیلەیەکی ئێگجار نوێ و زانستی بڕوانینە زوانی کوردی و دۆخی نوسینەکەی، ئەمەی کە دەڵێت: (دەبێت ئاوا بنوسیت و ئاوا نەنوسرێت، هی ئێستا نیە و تایبەت بە ٨٠ ساڵ لەمەوپێشی ڕێنوس و ڕێزمانی کلاسیک و کۆنی زوانی کوردیە و لەگەڵ زانستی ئێستای زوانی کوردی، یەکتر ناگرێتەوە). ئەمەی ئاشکرا و دیارە، گشتی ئەم شێوەنوسینانە، دەکەونە بازنەی "کۆنتێکست" و "بەستێن" واتە زوانی کوردی بەشێوەیەکی ئێگجار چالاک، پەیڕەوی بەستێن و پێکهاتەی ڕستەیی دەکات و بەپێی بەستێن و پێکهاتەی ڕستە، دەردەکەوێت کە کام وشە چۆن بنوسرێت و بە هەر کام شێوە بنوسرێت، ئەمە ئاساییە و خوێنەر بەپێی بەستێن و پێکهاتەی ڕستەکە، خێرا دەزانێت کە مەبەستی نوسەر، چیە.
ئێستاش زۆر بە کورتی دەڕوانینە ئەم شێوەنوسینانە و هۆکاری دەرکەوتنیان.
بەپێی زانستی زوان و سیستمی مۆرفۆلۆجی زوانی کوردی، بەشێک لەم دیاردانە دەکەوێتە بازنەی جوتەوشەیی Reduplication کە لەم بازنە لەگەڵ بناغەیەکی واتادار و پایەکی بێواتا ڕوبەڕو دەبینەوە، وەکو:
(دار و مار، چاک و ماک، کتێب و متێب، دور و مور) کە ئەمانە بەپێی ڕێسای مۆرفۆسینتەکسی morphosyntax زوانی کوردی، دەکرێت بەشێوەی (چاک و ماک، چاکوماک، چاکوماک، چاکو ماک، چاک وماک) بنوسرێن و بەپێی بەستێن Context و بەستێنی زوانی Linguistic context و هەروەتر هاودەق Co_text و گرینگتر بەستێنێکی وێژەیی Verbal context هاوشێوەی هەمان دیاردەی دیکەی مۆرفۆلۆجی و لێکسیکۆلۆجی زوانی کوردی دەربکەون و تەنیا لەم دۆخ و بەشانە بۆمان دەرکەوێت کە کامەیان و بە چ مەبەست و واتایەک، دەردەکەون و دەنوسرێن. کەچی بۆمان ئاشکرایە کە هەر کام شێوە بنوسڕێت، ئەمە "خوێنەر" بەپێی بەستێنی ڕستەیی، دەزانێت مەبەست لەم وشەیە، چیە و هەروەتر لە بازنەی کەڵۆکشێن colloctaion کە دوبارە لەگەڵ چەشنە وشەیەکی لێکداری نالێکسیکی ڕوبەڕو دەبینەوە، بۆ نمونە (مار و مێو، مێش و مەگەز) بێگومان ئەم دۆخانە بۆ تاکێکی *ناشارەزای زوانی کوردی کێشەسازە، بەڵام بۆ کەسێک کە نەختێک شارەزایی زوانی کوردی هەبێت یا بۆخۆی زوانی یەکەم و سەرەکی کوردی بێت، دەزانێت کە مەبەست لە (مار و مێو، مارومێو، مارو مێو، مار ومێو) و هەر کام لە نمونەکانی، کامەیە و چ واتایەکی هەیە و بە هەر چەند شێوەی نوسینی ڕێنوسی گرێبەستی بەکارهێنەر، بنوسرێت، ئەمە هیچ جیاوازی نیە و بەپێی زانستی مەبەستناسی pragmatics ئەمە لە بەستێنی ڕستە و ئاخاڤتنی ئاخێوەر دەزاندرێت کە مەبەستی لەم چەند شێوە نوسینە، چیە و ئامانجی "بێژەر" و "بەکارهێنەر" لە دۆخ و بازنەی سێمەنتیکی و سێنتامێنتالی و وێناسازی لێکسیکی و مۆرفۆلۆجی، چیە و چ مەبەستێکه کە لە ڕاستیدا تەینیا یەک مەبەست و واتایان هەیە! ئیتر لەم ئاستە بەستێن و کۆنتێکس، چالاکتر لە گشت بەشێک، دەور دەگێرێت.
بازنەی دیکە کە لەم دۆخە چالاک دەبێت، بازنەی ئاوێتارسازی Blending کە لە وشەی وەکو: (شت و مەک، شتومەک، شتومەک، شتو مەک، شت ومەک) بە چەندین شێوەی ڕێنوسی گرێبەستی و بازنەی مۆرفۆسینتەکسی، دەردەکەوێت و لە بەش و بازنەی ساختاری مۆرفۆلۆجیکاڵی زوانی کوردی، دەکەوێتە دۆخی تێچوون و سڕینەوە و نەمانی مۆرفیمی لێکدەری (و) و بازنەی لێکسیکۆلۆجی و مۆرفۆلۆجی و ئەمەی دەمێنێتەوە، وشەی (شمەک) کە هەمان واتای دەدات.
دوبارە باش دەزانین کە بەپێی ئاستی سینتەکسی و سەرفی زوانی و بازنەی "لکان" و "نەلکان" زوانی، بەتایبەت لە زوانی کوردی کە زوانێکی فرەمۆرفیمی و زوانێکی لکاویە، دۆخی بەسەریەکەوەنوسین و نیمەمەودا، چالاک دەبێت و دەکەوێتە بازنەی وشەی لێکدراو Compound word کە لەم بازنەیە، ئەمە وشەی لێکدراوی هاواتایی دەردەکەوێت، بۆ نمونە: (بەژن و باڵا، بەژنوباڵا، بەژنوباڵا، بەژنو باڵا، بەژن وباڵا) بە گشت شێوەی ڕێنوسە گرێبەستیەکەی کە بە ئامرازی لێکدەری (و) دادەڕێژرێن کە هەر دو پاژ و بەشی مۆرفیمەکان لە ڕوی واتاوە، یەک واتا و مەبەستن و بەشی دوهەم، هەمان بازنەی جوتەوشەیی لە بناغەیەکی واتادار و بناغەیەکی بێواتا بە یارمەتی مۆرفیمی لێکدەری (و) کە نمونەی وەکو (دار و مار) دەردەکەوێت و لەم دۆخەشەوە، بازنەی دوپاتەکراوی Duplifix هەیە کە گیرەکی دوپاتەکەرەوە چالاک دەبێت و دەور دەگێرێت...
هەروەتر جۆر لێکدراوی دوپاتەکراو reduplicative compound کە دەکرێت بەبێ دەرکەوتنی ئامراز و مۆرفیمی لێکدەر، ساز بکرێن، وەکو: (شەقشەق، یەکیەک، دودو، وردورد...) و کۆمەڵێک نمونەی لەم شێوەیە کە بەپێی زانستی نوێی زمانناسی و زانستی زوان، ئەمەمان بۆ دەردەکەوێت کە زوانی کوردی، بەشێوەیەکی چالاک لە ئاست بازنەی کۆنتێکست، دەور دەگێرێت و ڕەوتێکی فرەمۆرفیمی و مرۆفۆسینتەکسی پەیڕەو دەکات و چ ڕێسایەکی ئێگجار بەهێز و قوڵی زانستی نیە کە بکوترێت و بیسەلمێنێت کە (بەژنوباڵا، بەژنوباڵا، بەژن و باڵا، بەژنو باڵا، بەژن وباڵا یا بەسەر، بە سەر یا تێگەیشتم، تێ گەیشتم، تێگەیشتم، کردبوم، کرد بوم یا باشبون، باش بون، باشبون) کامەی دروستە و کامەی هەڵەیە! بەڵکو ئەمە بەستێن و کۆنتێکست، بەشێوەیەکی چالاک نیشانی دەدات کە کامەی بەپێی ڕێنوسی گرێبەستی تاک، بەکار بهێندرێت. ئەمەی دیکە کە بە بیانوی (گەردان، دەرکەوتنی جێناو، دەرکەوتنی دانەپاڵ...) ڕونکردنەوە دەدەن، تەنیا چوارچێوەیەکی ڕێنوسی سەرەتایی هەیە و چ پشتیوانەیەکی بەشە گرینگەکانی زانستی مۆرفۆلۆجی لە پشت نین و پویڕەو ناکەن.
سابیرژاکاو

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.