ڕفاندن ـ فڕاندن ـ دامەزراندن ـ دامەرزاندن
ئێمە دەبێت لە چوارچێوەزانستیەکانی زمانەوانی بڕوانین و بزانین چ کاتێک و چ هۆکارێکی بەشی ئاناتۆمی و بەشی مکانیزمی فۆنسازی ئەندامەکانی سازکردنی دەنگ و بەشی سروشتی دەبێتە هۆکاری ئەم بابەتە، لە زانستی زمانەوانی بۆ هاستی وشەکان بەپێی چوارچێوەی مۆرفۆلۆجی و وەستایەتی فۆنۆلۆجی ئێمە بەکەڵکوەرگرتن لەم چوارچێوانە دەزانین کە چ ڕودەات و چ هۆکارێک دەبێته هۆی ئەم دیاردانە.
بەشەگرنگەکان فۆنۆلۆجی ئەمانەن:
(Assimilation) تواندنەوە
(Dissimilation) هەڵنەکردن، دورکردنەوە
(Elision) قڕتاندن ،سواندن
(Metahesis) جێگۆڕک
(Mutation) دەنگی گۆڕکی
(Platalization) نەرمبونەوە
لەم چوارچێوانە تێدەگەین کە چ هۆکارێک دەبێته هۆی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە.
ئەم بەشەی کە دەبێتە هۆکاری دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە، وەبەر بەشی مێتاتێز ـ metahesis دەکەوێت کە ئەم بەشە گەلەک باسێکی قورس و پڕ لە نهێنیە، بەڵام بەشێکی چالاک و ئەکتیڤی زمانەوانین و دیاردەیەکە کە لە زۆربەی زوانەزیندو و فۆنەتیکیەکان دەردەکەوێت، ئەم دیاردەیە بە /جێگۆڕک/ دەناسرێت کە دیاردەیەکی فۆنۆلۆجیکی و فۆنەتیکیە و تەیدا فۆنێک لەگەڵ فۆنێکی دیکە جێگۆڕک دەکرێن یان چەند فۆن لە هاستی فۆنێمیکی خۆیان دەتەڕازێن و تەنیا جێگەیان دەگۆڕدرێت و هیچ واتای وشەکە 《ناگۆڕێت》، کە بەشێکی چالاکی لێکسیکی و مۆرفۆلۆجین، لەم چوارچێوەیە دیاردەیەکی بڕگەیی دەردەکەوێت بۆ ترازاندنی فۆنەکان، سەرەتا بەڕوانێنێک لە زوانەفۆنەتیکیەکان و هیندوئەوروپیان دەڕوانینە ئەم دیاردەیە: لە زوانی فارسی بەشێوەی: (قفل، قلف)، (کفت، کتف)، (چخر، چرخ)، (سەقف، سەفق)، (کبریت، کربیت)، لە ئینگلیزی: (wasp, waps), (brid, bird), (aks, ask), (tax, task), (rp, pr), (foliage, foilage), (cavalry, calvary) دەردەکەوێت، لە ئەم دیاردانە لەگەڵ دیاردەی (لێکچوون، نەرمبونەوە، پێکەوهەڵنکەردن، سواندن و قڕتاندن) جیاوازن، بۆ وێنە، پێکەوەهەڵنەکردن و نەرمبونەوەی دو فۆنی ناساڵی /م/ و /ن/ لە وشەی /بەرانبەر، بەرامبەر/، شەنبە، شەمبە/ یان لێکچوونی فۆنی /ێ/ و /ی/ لە وشەی /دێر، دیر/، /شێعر، شیعر/، مێوان، میوان/، ئەم دیاردانە لەگەڵ دیاردەی "مێتاتێز" جیاوازن.
دیاردەی مێتاتێز، دەکەوێتە شیپان و چوارچێوە زمانەوانی کۆمەڵایەتی ــ sociolinguistics و دەروناسی زمانەوانی ـ psycholinguistics و ئابوری زوانی، دیاردەی ناوازە و تایبەتی دیسێلیکا ـ dyslexia کە تەیدا هەندێک جێگۆڕکی فۆنی بەپێی سروشتی زارگرتن و فۆنسازی منداڵ خۆزا ساز دەکرێت، بۆ وێنە کە کاتێک دەیهەوێت و دەخوازێت قسە بکات، فۆنەکان توشی جێگۆڕککردن دەکات، بۆ وێنە وشەی /قەڵەم/ بە /قەمەڵ/ بێژە دەکات، لەم هاستە، دیاردەی سروشتی و کاتی "مێتاتێز" دەردەکەوێت، لە پرۆسەی زوانگرتنی منداڵیش دیسان دیاردەکانی (نەرمبونەوە، سواندن و قڕتاندن، لێکچوون) دەردەکەون کە سروشتی و دواتر لەگەڵ تەواوبونی پرۆسەکە لەم دیاردانە دێنەدەر.
ئەم وشانە لەنێو زوانی کوردی کە دەکەونە بازنەی "مێتاتێزیەوە: ئەمانەن:
بەفر ـ بەرف
ڕفاندن ـ فڕاندن
دامەزراندن ـ دامەرزاندن
چوقاندن ـ قوچاندن
هەوراز ـ هەرواز
تەرزە ـ تەزرە
باڕەکڵە ـ باڵەکڕە
جومعە ـ جوعمە
خیز ــ زیخ
قیز ــ زیق: قیزاندن ـ قیژاندن ـ زیقاندن
قۆچیە ـ قۆیچە
دەروێش ـ دەورێش
جگەر ـ جەرگ
ڕوانین ـ نواڕین
شیتو ـ شوتی
تینو ـ تونی
ڕێنمۆیی ـ ڕێنمۆنی
لەنێو پیرەکانمان بەزۆر ئەم هاستەسرۆشتی و دیاردەباوە بەشێنەیی دەردەکەوێت، وەکو:
سەقەت ــ سەتەق
فەقەت ـ فەتەق
ئەبزار ــ ئەرباز
شکوفە ـ فکوشە
مەکتەب ــ مەتکەب
لەعنەت ـ نەعلەت
هەمان دیاردە لە هاستی فۆنۆلۆجی مێژویی لە زوانی ئەوێستایی لە وشەی /بروا، brwā/ بەواتای /برۆ، brō/ لەگەڵ /ابرو، abru ـ بروا، brwa/ی فارسی، هەمان دیاردەیە.
لە پەهلەوی و فارسی کۆن / سُخر، suxr/ لە فارسی نوێ /سُرخ، surx/ بەواتای /ڕەنگی سور/ دێت.
لە کوردی /بەفر، bafr/ لە فارسی /بەرف، barf/ پەهلەوی /وەرف، varf/ فارسی نوێ /بەرف، barf/.
فارسی کۆن /چەرخا، carxā/، پەهلەوی /چەخر، caxr/ فارسی نوێ /چەرخ، carx/.
سابیر ژاکاو
تەلەگرام:
versin٦@
سەرچاوە:
پرشەدارێکی زمانەوانی ٢، سابیر ژاکاو، چاپەمەنی زانکۆ
آواشناسی، علی محمد حق شناس، تهران آگە
ثمرە یدالله، آواشناسی زبان فارسی، نشر دانشگاهی تهران.
Linguistics. Berlin: Walter de Gruyter.
Hume, E. (٢٠٠٦). “Diachronic aspects of metathesis”. In: Encyclopedia of
Linguistics. ed. by Kate Brown. Elsevier ltd. ٥٠٦-٥٠٩.
Hume, E. (١٩٩٨). “Metathesis in phonological theory: the case of Leti”. Lingua ١٠٤,
١٤٧-١٨٦.
Stonham, J. (٢٠٠٦). “Metathesis”. In: Encyclopedia of Linguistics. ed. by Kate
Brown. Elsevier ltd.

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.