●ئاستی باڵا●
[جوتەوشە]
ئەم بەشە لە "وشەی دوانەی زوانی کوردیک" لە ئاستی سینتەکسی و لێکسیکی و مۆرفۆلۆجی زوانی کوردیک، لێڵی تێدایە و بەشێوەیەکی نازانستی و بێبنەمایانە دەردەکەوێت. زاراوەی (جوتەوشە١) بە ڕەچاوگرتن لە وشەی لێکسیکی٢ کە بەواتەی (ئامێتە، تێکەڵ) دێت، بۆ ئەم ئاستە لەنێو زوانی کوردیک داڕێژراوە کە ئەم بەشە، بەشێکی ڕێزمانی و لێکسیکۆلۆجی٣ - فەرهەنگنامەیی و کردە و بارێکی زوانیە کە لە دۆخێکی تایبەتی مۆرفۆلۆجی و فۆنۆلۆجی هەر زوانێک لە بازنەی (وشە، مۆرفیم، بڕگەوە) دۆخ دەنوێنێت و دەور دەگێڕێت. ئەم بەشە لە جۆرێک دەوری وشەی لێکدراو، دۆخنوێنی دەکات کە لە دو مۆرفیمی لێکسیکی یا ڕیشەیی ساز دەبێت کە ئەگەر بەیارمەتی مۆرفیمێک یا بەبێ هێچ ئامرازێک بکەونە پاڵ یەکتر، ئەمە بە سادەیی و بەبێ گۆڕینی واتا و شێوە و پاش و پێشی کەرتەکانیەوە بێت و دەوری واتاگۆڕی نەبێت، دەردەکەوێت. کاتێک کە وشەیەکیان ساز کرد و لەم بازنەیە دەرکەوتن، ئەمە دوبارە سەر بە هەمان بەشەوە دەبن و لە ئەرکی خۆیان، شێوەیەکی ڕێزمانی و سێمەنتیکی دەگرن و دوبارە دۆخ دەنوێن و دەگۆڕن و ئەگەر ئەم وشانە توشی جوڵە و ئاڵوگۆڕی بون، ئەمە دەبێت بە یەکەوە بجوڵێنەوە و ئاڵۆگۆڕی بکردرێن و بە هەر کەرت و بڕگەیەک، واتایەتی تایبەت و سەربەخۆ دروست و ساز دەکەن.
لەنێو زوانی کوردیک چەند جۆڕە جوتەوشە هەیە و دەردەکەوێت کە پەیویستە بەپێی ئاستی زانستی (فۆنۆلۆجی، مۆرفۆلۆجی، پڕاگمەتیک، سێمەنتیک و سینتەکسی) کاریان لەسەر بکردرێت و لەژێر بارێکی مۆرفۆلۆجی بەکاریان بهێنین و پێناسەیان بکەین. بۆ نمونە:
جوتەوشەی وەکو:
(کار و مار _ جوان و موان _ وانە و مانە _ وشە و مشە _ دار و مار _ ساز و ماز _ یاری و ماری _ قازی و مازی _ کتێب و متێب _ دیوار و میوار _ گوڵ و موڵ _ بەرگ و مەرگ)
و کۆمەڵێک لەم جۆر و دۆخانەی دەرکەوتنی ئاستێکی جیاوازی نوسینی لێکسیکی زوانی کوردیک دەردەکەون کە لەم چەشنە وشە، بەشێکی ناڕێزمانی ئەم بەشەن کە لە دیاردەی کەڵۆکشێن٤ دەردەکەون و دۆخ دەنوێنن کە بەشێکیان لە دۆخی بێواتا و ناڕێزمانی و بازنەیەکیان واتادار و بنجیە، دەردەکەون.
لە بازنەی لێکسیکۆنی زوانی کوردیک، کۆمەڵێک باری سینتەکسی و وشەی ناڕێزمانی و نالێکسیکی بەم ڕێسا ساز دەکرێن. ئەم بارە نازانستیانە لە دەوری سینتەکس و پڕاگمەتیکەوە، بەهۆی دیاردەی تەنبەڵی زوان دەردەکەون و یارمەتی ئاخێوەر دەدات کە مەبەستی خۆی لەنێو ڕستەوە کورت بکات و بەشێوەی کورت مەبەستی خۆی دەرببڕێت، لەسەر ئاستی سینتەکسیەوە ئەم وشانە بەم شێوەیەن:
ـ (دار و مار): مۆرفیمی سادە و سەربەخۆی (دار) ئاشکرا و دیارکراوە کە مەبەست لە وشەی "دارە" و مۆرفیمی ناڕێزمانی (مار) کە دەبێتە ئاستێکی هاونگاری و هاومۆرفیم و دۆخی هاوبێژی ئەم وشەیە لەسەر بنەمای سێمەنتیکەوە، دەبێتە هاونگار و هاوبێژی گیانداری (مار)، بەڵام واتای وشەکەی جیاوازە. لەم ئاستەیە وشەی (مار) نوێنەری "پوش و پەڵاش و شولک و قامیش و لق و چلکە و گشت بابەتانێکە" کە پەیوەندیان بە (دارەوە) هەیە، (نەک گیانداری مار) دەگەیەنێت.
ـ (گوڵ و موڵ): وشەی (گوڵ) کاکڵی ئەم ڕستەیەیە و وشەی (موڵ) نوێنەری "گوڵ و گژ و گیا و باغچە"...
ـ (بەرگ و مەرگ): وشەی (بەرگ) کاکڵی ڕستەکەیە و وشەی ناڕێزمانی (مەرگ) تەواوکەری واتایی "لاپەڕە و ڕوپوش و جل و داپۆشین و هەر بابەت و شتێکە" کە پەیوەندی بە (بەرگ) جا چ "کتێب" بێت چ "جلوبەرگ" بێت چ "دار بێت"، هەیە.
لە دۆخێکی دیکەی ئەم بەشە لەم زوانە بە هەمان بنجی سەرەکی لێکسیمی، بەڵام بازنە و بنجێکی دیکەی واتاداری وەکو جوتەوشەی (مار و مێرو _ مۆز و مێوژ _ مار و مێش _ مێش و مێژ...تاد) پەیدا دەبن کە لەم بەشە، دۆخەکە جیاوازە و ئاستێکی جوتەوشەیی لێکسیمی و سینتەکسیە کە تەیدا و هەر کام لە بنەجەکان، واتایەکی سەربەخۆیان هەیە کە لە بازنەی مۆرفۆلۆجی و لێکسیکۆلۆجی، ئەمە (قەد، ڕەگ، بنج) یا بەشێکی وشەکە دوبارە، دوپاتە دەکرێتەوە کە ئەمە دیاردەیەکی باو لەنێو زوانەکانە، بەتایبەت زوانی کوردیک. وەکو:
(پڕپڕ، لیپلیپ، زۆرزۆر، پانپان، گەشگەش، جوانجوان...تاد) و هەروەتر جوتەوشەی "ناوەدەنگی و کۆمەڵ و کرداری و بچوک کردنەوە" و بەشەکانی تایبەتی مۆرفۆلۆجیمان هەیە کە دۆخێکی جیاوازترن.
هەروەتر لە دۆخێکی جیاوازی واتایی جوتەوشە بەیارمەتی مۆرفیمی لێکدەری٥ وەکو: (و، او، ە، بە، ان) کە لە بازنەی مۆرفۆلۆجیکاڵی و لێکسیکۆلۆجیکاڵی زوانی کوردیک، دۆخ دەنوێنن، بۆ نمونە بڕوانە: (بەرانبەر، سەرانسەر، دەربەدەر، ماڵبەماڵ، خواراوخوار، ڕاستاوڕاست، پشتوپشت، دورودور، تەقەتەق، خرتەخرت...تاد) کە دەکەونە نێوان دو وشەی هاوشێوە و هاونیگار کە ئەم ئاستە چالاکەی زوانە، پەویستی بە شارەزایی مۆرفۆلۆجی و لێکسیکۆلۆجی زوانەوە، هەیە!
سابیر ژاکاو
بۆ زانیاری زۆرتر، بڕوانە پرشەدارێکی زمانەوانی ١ و ٢.

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.