ئەم دەنگە وەکو لەسەر بنەمای فۆنۆلۆژی دەرکەوتنی لەنێو زوانی کوردیەوە نیە و بەپێی فۆنەتیکی زوانی کوردی دەردەکەوێت و هاوشێوەی فۆنێک کارایی نیە و هەژمار ناکرێت، کەچی لە ڕێنوسی ڕاستچین هێمای هەیە و نابێتە هۆی گۆڕینی واتای وشە و هێزی واجی نیە، ئەمەش حاڵەتێکی تایبەتە و یەکیەک لە تایبەتی و گرنگیەکانی فۆنیم و واج، گۆڕینی واتای وشەیە. لەسەر هاستی دەنگسازی کوردی ئێمە چ بڵەین (ا) و چ (ئا) هەریەک فۆنن، بێژەکردن و سازکردنی فۆنی (ا) لە نێوەڕاست و کۆتایی هەربڕگە و وشەیەکەوە، ڕێک هاوشێوەی دەستپێک و سەرەتای وشەیە. فۆنی (ئێـ، ئۆ، ئە، ئیـ، ئو، ئۊ، ئوٓ، ئیـٓ) ڕێک بەم شێوەن، هیچکام لە دەنگەکان گۆڕانکاریان بەسەر نایەت، واتا دەنگ و سیستمی دەنگی (ئۆ) لەگەڵ (ۆ) یەکدەنگ و فۆنن، بەڵام تاکو ئەمڕۆ کورد هەر بەم شێوەیە لە ڕێنوسی ڕاستچین ڕاهاتوە کە هیچکات بزوێن لە سەرەتای وشە و بڕگە نایەت! ئەمەش بەم هۆیەیە کە سیستمی فۆنسازی ئەم زوانە توانایی بێژەکردنی ئەم فۆنەی لە سەرەتای وشەوە نیە، کەچی ئەم دیاردەیە لە زوانی کورمانجی وەبەرچاو ناکەوێت، کەواتە ئەم دیاردەیە، دیاردەیەکی ڕێنوسیە، نەک فۆنۆلۆژیکی. بەم هۆیە کەڵک لە پیتی هەمزە وەکو پیتێکی یارمەتیدەدەر و هالیکار، لە سەرەتای وشە وەردەگرن و ئەمەش دیاردەی دەنگی نیە، بەڵکو وێدەچێت حەزێکی جواننوسی ڕێنوسی بێت، چون سیمایەکی جوانی نیە ئەم شێوەنوسینە:
ئەوە ـ ەوە
ئێوە ـ ێوە
ئۆخەی ـ ۆخەی
ئیلام ـ یلام
ئورمیە ـ ورمیە
ئۊشم ـ ۊشم
لە + ئێرە = لێرە
لە + ئەوێ = لەوێ
لە + ئەوان = لەوان
لە + ئەمە = لەمە
کەچی لە ڕێنوسی چەپچین و هەمان لاتین، ئەم دیاردەڕێنوسیە پەیدا نابێت، هەربۆیە م. جەلادەت بەدرخان لەبری پیتی هەمزە (ئـ) بۆ ڕێنوسی چەپچین پیتی هەڵنەبژاردوە و بەم شێوەیە دەردەکەون:
ئەوە ـ Ewe
ئێوە ـ Êwe
ئۆخەی ـ Oxey
ئیلام ـ Îlam
فۆنی (ئـ) دەنگێکی قوڕگیە، لە خوارەوەی قوڕگەوە بڕەهەوایێک ساز دەکرێت کە دەبێتە هۆی سانا دەربڕینی فۆنی نزم و بەرز و کراوەی بزوێنی زوانی کوردی، واتا بۆ دەربڕینی فۆنی (ی) بەتەنیا و بێهێنانی شێوەدەنگی (ە) نزم یان (ا) بەرز، لە سەرەتای بڕگە، ئەمە دەردەکەوێت کە ئەم بڕەهەوایە پێشگرتنێکی لەپێش سیە و ژێیەکانە کە دەبێتە کۆسپ بۆ دەربازبونی هەوای سازبونی ئەم فۆنانە و هاتنی (ئـ)، یارمەتی سازبونی ئەم فۆنە دەدات لە هاستێکی فۆنەتیکی کە تەنیا لەگەڵ بزوێنەکان دەردەکەوێت.
ـ پیتەبزوێنەکان ١٠ پیتن:
(ۆ، و، وو، وٓ، ۊ، ێ، یٓ، ی، ە، ا)، لە سەرەتای وشە و بڕگەی ڕێنوسی ڕاستچین دەرناکەون و بۆ ئەمەی کە ئەم ١٠ بزوێنە، لە سەرەتای بڕگە و وشەی کوردی دەربکەون، کەڵک لە پیتی (ئـ) وەردەگرین وەکو پیتێکی یاریدەدەر:
آ= ئا A =
اَ= ئە E =
اِ= ئێـ Ê =
ٱ= ئۆ O =
او= ئو U =
ای= ئیـÎ =
ـ ئەم پیتە هەندێکجار دەکەوێتە نێوەڕاستی وشە، کاتێک کە دو بزوێن بەدوای یەکەوە دەرکەوتبن، ئەرکی یارمەتیدەدەری خۆی دەگەیەنێت و زۆرجار پێویست ناکات بنوسرێتەوە چون واتای وشە ناگۆڕێت، وەکو:
قوڕئاو، ڕۆژئاوا، خۆرئاوا، ماستئاو، شۆربئاو، ماڵئاوا، دەستئاو، بەرئاو، تێرئاو، مرئاوی، تیزئاو، میزئاو، پارئاو، بەندئاو، تاڵئاو.
لەم وشانە، بەهۆی دیاردەی پەیدابونی دەنگ، پیتی (ئـ) هیچ گۆڕانکاری ناهێنێتە سەر واتای وشە و نابێتە واج. لە کاتی دەربڕینیشیان دەبێتە هۆی قورس و گرانبونی ئەم وشانە، لە چوارچێوەی قڕتاندن و تواندنەوەی زوانی ئێمە کەڵک لەم بەشە وەردەگرین و پیتی (ئـ) لەم وشانەوە دەقڕتێنین، وەکو:
قوڕ + ئاو ـ قوراو Quŕaw
ڕۆژ+ ئاوا ـ ڕۆژاواŔojawa
ماست + ئاو ـ ماستاو Mastaw
شۆرب + ئاو ـ شۆرباو Şorbaw
ماڵ + ئاوا ـ ماڵاواMalawa
دەست + ئاو ـ دەستاوDestaw
بەر+ ئاو ـ بەراوBeraw
تێر+ ئاو ـ تێراوTêraw
مر+ ئاوی ـ مراویMirawî
٭تێبینی: ماڵئاوا (ماڵت ئاوەدان) هەندێکجار وەکو ڕێزگرتن و هەندێکجار وەکو ڕەخنە و ناڕزایەتی بەکار دێت، بەواتای ماڵ ئاوەدانی و ڕوناکی و ئاوایی دێت.
(ماڵاوا)، لەبری خوداحافیزی و ماڵاوایی بەکار دێت.
ـ خۆر ئاوا بو، ڕۆژ ئاوا بو (غروب)
ڕۆژاوا، خۆراوا (غرب).
ـ ماستئاو: ماست + ئاو = ماستاو.
ـ قوڕئاو: قوڕ + ئاو = قوڕاو.
شۆڕبئاو: شۆڕب + ئاو = شۆڕباو.
دۆغئاو: دۆغ + ئاو = دۆغاو.
تێرئاو: تێر + ئاو = تێراو.
دەستئاو: دەست + ئاو = دەستاو.
ـ لە نێوەڕاستی وشە بەم شێوەیە دەردەکەوێت:
دەئاخڤێت قورئان، ئنشائەڵڵا، ماشەئەڵڵا.
لەم هاستە دەردەکەوێت کە پیتی (ئـ) چ لە نێوەڕاست و چ لە کۆتایی وشەی کوردی، هیچ ئەرکێکی فۆنۆلۆژیکی و واجی نیە و واتای وشەکە ناگۆڕێت و دەرکەوتنی لە سەرەتای وشەی کوردی، پتر ڕێنوسیە تاکو زانستی فۆنۆلۆژیکی زوانی کوردی،
واتە ئەم پیتە ئەرکێکی فۆنەتیکی دەگرێتەئەستۆ و ئەرکی فۆنیمی نیە، هەربۆیە لەنێو ئەلفوبێەکەی زوانی کوردی، پیتی (ئـ)م وەکو پیت هەژمار نەکردوە، زوانی کوردی چ لە ئاخاڤتن و چ لە
ڕێنوس خوی بەم پیتە نەگرتوە، ڕاستە پیتەکە لە ڕێنوسی عەرەبی وەرگیراوە و ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانە، لەم وشانەی کە کورد توشی لێکچوونی کردون، دیارە فۆنی سەرەکی وشەکە (ئـ) نەبوە، وەکو:
لێکچوون لەگەڵ پیتی (هـ):
ئاوێنە ـ هاوێنە
ئامراز ـ هامراز
ئێوارە ـ هێوارە
ئاوەڵناو ـ هاوەڵناو
ئاوەڵکار ـ هاوەڵکار
ئێستا ـ هێستا
ئیشتیا ـ هیشتیا
ئاست ـ هاست
ئی ـ هی
ئی من ــ هی من
ئومید ــ هومید
ئێستر ـ هێستر
ئالیکار ـ هالیکار
ئاواڵ ـ هاواڵ
ئەڤاڵ ـ هەڤاڵ
ئۊشم ـ هۊشم
لێکچوون لەگەڵ پیتی (ە):
ئەچم ـ دەچم ـ ەچم
ئەکەم ـ دەکەم ـ ەکەم
ئەخۆم ـ دەخۆم ـ ەخۆم
لێکچوون لەگەڵ پیتی (ع):
عەزیز ــ ئەزیز ــ ئازیز ـ هازیز ــ حازیز
عەشق ــ ئەشق
عەقڵ ــ ئەقڵ
عێراق ــ ئێراق
عەرەب ــ ئەرەب ــ ئارەب ــ هارەب ــ حارەب
ئەم لێکچوونە، بەپێی لێکچوونێکی مێژویی هاتوتەپێشەوە، هەربۆیە کورد وەکو خوگرتن، خوی بەم پیتەوە نەگرتوە، فۆنی /ا/ لە هاستی لێکچوونی فۆنی لە تەتەلەی مێژویی خۆی، بەزۆر لەگەڵ فۆنی (هـ، ع، ح، م) توشی لێکچوون بوە.
هەر ئەم لێکچوونەش بوتە هۆی ئەمەی کە هاستی بەکارهێنانی مۆرفیمی (ئە) و (دە) لە پڕۆسەی داڕشتنی ڕێنوسێکی هاوبەش بۆ زوانی کوردی، لەبری (ئە) بەکار بێت، کاتێک کە بەشێوەی قڕتاندنی ئەم پیتە بێنە هاستی ڕێنوس، بەم شێوەیە، لە کارەکانی:
(ئەخۆم، ئەچم، ئەکەم، ئەنوسم، ئەبەم، ئەڵێم...تاد)، کورد کەڵکی لە مۆرفیمی (دە) وەرگرتوە:
(دەخۆم، دەچم، دەکەم، دەنوسم، دەبەم، دەڵێم...تاد).
سابیرژاکاو
سەرچاوە: پرشەدارێکی زمانەوانی.

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.