بەسەریەکنوسین
زوانانی جیهانی لەسەر ئاستی جۆرەوە لە ڕوی مۆرفۆلۆجیکاڵیەوە، بەسەر ٥ جۆری دابەش دەکرێن:
١: دورپەرێز١
٢: لکاو٢
٣: گەردان٣
٤: بەسەریەکەوەنوس٤
٥: نێوگری٥
ئاشکرایە کە زوانی کوردی لە بازنەی جۆرە زوانی زوانی خۆیەوە و بازنەی مۆرفۆلۆجیکاڵیەوە، سیستمێکی فرەمۆرفیمدار یا بەسەریەکەونوسە و ڕەوتی بەسەریەکەوەنوسین٦ و زوانێکی لکاوە و ئەم زوانە، ئاستێکی هاڵۆزی مۆرفۆسینتەکسی پەیڕەو دەکات کە یەک وشە دەتوانێت بە چەندین شێوە بنوسرێت و دەربکەوێت و کەچی هیچ بەڵگەیەکی زمانناسیش نیە کە بڵێت، (ئەمە هەڵەیە و ئەمە دروستە) یا بابەتەکە (ناڕێزمانیە).
ئەم دیاردە و ڕێسایەش هەم لێڵی ساز کردوە و هەمیش باری نازانستی ڕێنوسپارێزان، ئاشکرا دەکات و ئەمە وشەکان لە ئاستی گەردانکردن لەنێو زوانی کوردی بە چەند شێوە دەتوانین بەکاریان بێنین:
ـ دەتانبینم دەتان بینم.
ـ بەکارمانهێناوە بەکارمان هێناوە.
ـ دەتانپارێزم دەتان پارێزم.
ـ ڕایکرد ڕای کرد.
ـ سەوداسەریکردن سەوداسەری کردن سەودا سەری کردن.
ـ جێبەجێکردن جێبەجێ کردن جێ بە جێ کردن.
ـ دەستهەڵگرتن دەست هەڵ گرتن دەست هەڵگرتن.
لەسەر بنەمای مۆرفۆلۆجی، کاتێک بخوازرێت بەشێوەی ڕێسایی و پارێزراوانە بەردەوام بن و لە چوارچێوەی ئاستێکی لۆجیکی ئۆرتۆگرافی و ڕێزمانی زوان پێکبێنن و سازی بکەن، وەکی زۆر جار باسکراوە؛ ڕێنوس هەردەم خەریکی گۆڕانکاریە، بەڵام دەبێت بۆ پێشکەوتن و ئاستێکی مۆدرێنیتەکردن و نوێگەرایی زوان لە ڕێسای ئەلفبێی و ڕێزمانی زوان کەڵک وەربگیرێت و دەبێت خاڵەکانی (لێکسیکی و ڕێزمانی و مۆرفۆسینتەکسی و فۆنۆلۆجی و فۆنۆمۆرفۆلۆجی و مۆرفۆفۆنۆلۆجی و فۆنۆمۆرفیم و پێکهاتەکانی وشە، وەکو: گیرەک، نوسەک، بنج، قەد، ڕەگ، نێوبەند، نێوگر، دولاگر، پێشگر، پاشگر، ئاستی کرداری داڕێژراو، وشەی لێکدراو داڕێژراو، هاوەڵکرداری داڕێژراو، هاوەڵناوی لێکدراو، وشەی داڕێژراو و چاوگی داڕێژراو...تاد) لە پڕۆسەی مۆرفۆلۆجی و ڕێزمانی، ڕەچاو بگیرێن و لەم چوارچێویە بەشێوەی لۆجیکی بەرەوپێش هەنگاو هەڵبێنن. ئەوەی ئاشکرا و زۆر ڕونە، ئەمەیە کە بەگشتی ڕێسا و شێوەیەک بە ناو نیوەمەودا لە دو ئاستی سینتەکس و مۆرفۆلۆجی، لەگەڵ ڕێسای زوانی کوردی یەکتر ناگرنەوە، نەک زوانی کوردی، بەگشتی ئەلفبێ ڕاستچینەکان.
ئەم بەشە ئاشکرایە کە لە ڕێزمانی فارسی کە ئەوانیش بەشێوەی نوێ دایانڕشتوە، تەنیا بۆ ئەمەی کە خۆیان لە ڕێزمانی عەرەبی جودا بکەنەوە، وەرگیراوە.
لە بەشی ڕێزمانی فارسیش، کۆمەڵێک زمانناس، دژی ئەم ڕێسایەن، چون ئەم شێوەنوسینە کە لە زوانەپۆلیسینتێتەکان و بەگشتی ئەلفبێی چەپچین و لاتین وەرگیراوە، لەگەڵ مکانیزمی ئەلفبێی ڕاستچین یەکگرتنەوەیان نیە و لەڕێگەی ئەم ئەلفبێیە هاتوتە نێو ڕێنوسی ڕاستچین، هەرچەند زۆرینەی ئەوانەی کە ڕێچکەگری ئەم ڕێنوسەن لەنێو زوانی کوردی و فارسی، بەزۆر و تەواو نازانستی بەکاری دەهێنن.
لە ئاستی سینتەکس و مۆرفۆلۆجیەوە، ئەم شێوەنوسینە تەنیا لەگەڵ کرداری داڕێژراو و هاوەڵکرداری داڕێژراو دەردەکەوێت، وەکو: (نان + خواردن = نانخواردن، کارکردن + دا = کارکردندا...تاد) بەڵام داتاکانی مکانیزمی زوانی کوردی و ڕێنوسەڕاستچینەکان، بەتێکڕای (فارسی و عەرەبی و کوردی و بەلوچی و تاجیکی...تاد) لەگەڵ ئەم شێوەنوسینە یەکتر ناگرنەوە، چون ئەم ئەلفبێیە لە بازنە و هێزی پیتی و نویسەیی، ئەمە گرافیمی تایبەتی "لکاو" و "نەلکاوی" پەیڕەو دەکەن. گرافیمە نەلکاوەکان بریتین لە: (ا، و، و، وو، ۆ، ۊ، وٓ، ڎ، د، ر، ڕ، ز) و گرافیمە پیتەلکاوەکانی وەکو: (ب، ت، س، ن، ڵ، ل، ێ، ی، خ، ح، ت ... تاد) واتە زۆرینەی کۆنسۆنانتەکان کە پیتی نەلکاون و تەنانەت هەندێک بزوێنیش، توانایی لکاندنیان هەیە، کەچی ئەلفبێی چەپچین ئەم توانایەی نیە وگرافیمە چەپچینەکان، ڕەوتی لکانیان، نیە و پەیڕەوی ناکەن. یەکێک لە تێکۆشان و کەتی زمانناسی لە بەشی ڕێنوس و ڕێزمانەوە، جواننوسی و سانانوسینە. ئەم شێوەنوسینە، بێجگە لە بارێکی نالۆجیکی ڕێزمانی کوردی و ئەلفبێی ڕاستچین، هیچ ڕێسای جواننوسی ڕێنوسیش پەیڕەو ناکات و کاتێک لە چوارچێوە و تەختەنوسراوەی (کەمپیوتر و مۆبایل و لەپتاپ) بێتەدەر و لەسەر ئاستی پڕاگمەتیکیەوە بێتە سەر "نوسینی سەر کاغەز" ئەمە سیمایەکی تەواو ناشیرین و ناحەزی دەبێت و لە چوارچێوە و بنەمای سایکۆلینگۆستیکی ڕێنوسی ڕاستچینیش، ئەم ڕێسایە پەیڕەوی ناکردرێت.
ڕێزماننوسانی فارس، بۆ هاناهاتن و ڕزگاری ڕێزمانەکەیان، هەردەم خەریکی ڕێساداڕشتنی نالۆجیکی و سەیروسەمەرە بۆ زوانەکەیانن. هەندێک بەرەی زمانناسی کوردیش، ڕێچکەگری ئەم ڕێزماننوسانەن.
یەکێک لەم ڕێسایانەش ڕێسای نیوەمەودایە کە لە دۆخێکی نازانستی، ئەمە نیوەمەودا لەسەر ئاستی سینتەکسی و پڕاگمەتیکی لەگەڵ گشت وشە لێکدراو و داڕێژراوەکان دەردەکەوێت و بەکار دەهێندرێت کەچی کەچی ئەم ڕێسایە وەکی لە زوانی فارسی بە (فاصله مجازی) ناسراوە، تایبەت بە تۆڕەکۆمەڵایەتی و ئاستی تایپی دیجیتاڵیە و لە بازنەی پڕاگمەتیکی و ئاستی نوسینی سەر کاغەز، سیمایەکی ناشیرین و ناحەزی هەیە.
ڕێسای نیومەودا لەنێو زوانی کوردی و فارسی لە ئاستی ڕێسای لۆجیکی مۆرفۆلۆجی و سینتەکسی خۆی کە تایبەت بە ئەلفبێی چەپچینەکان، لایداوە. چون لەسەر زانستی ڕێسای نیومەودا و ڕێسای نوسینەکەی کە لە ئەلفبێی چەپچینە، دەبێت گشت وشەلێکدراوەکان، نیومەودا وەربگرن، واتە وشەی (یارمەتی/ جواننوسی/ توکن/ باوکەجوانەکەم/ بەرانبەر/ سەرانسەر، گیانەکەم/ گیانم/ جوانی/ باشی/ دەنگوباسی/ دایکم/ بێئارامی/ بهاتبایە/ بگرتایە/ بڕۆشتایە/ لەتەنیشتەوە/ بێپێشێیەوە(بێپێشەیەوە)، بەشینەوە) گەر لەسەر ئەم ئاستە و ئاستی ڕێسای سەرەکی و دروستی ئەم دیاردەیە بچینەپێش و بیپارێزین و ڕەوتی زوانە لکاوەکان لەبەر چاو بگرین، دەبێت کە لەم نوسین و فۆڕمانەی سەرەوە، مۆرفیمەکان کە بە جودا دەلکێن، ئەمانیش نیمەمەودا بگرن کەچی ڕێک دەبێت بەم شێوەی کە نیشانمان دا، دەربکەون.
بەپێی ئاستی سینتەکسی، نیومەودا ڕێسای ستانداردی خۆی پەیڕەو دەکات و ئەم نیومەودایە، مەودای تەواوی ڕستەییە و لەگەڵ ئاستی مۆرفۆلۆجیکی دەردەکەوێت کە تایبەت بە ڕێنوسی چەپچینە، واتە ڕێسای ئەم شێوەنوسینە، تایبەت بەئەلفبێی چەپچین و لاتینەکانە، لەگەڵ ڕێسای ئەلفبێی ڕاستچین، یەکتر ناگرێتەوە و ئەگەر بەشێوی ستانداردی سەرەکی ئەلفبێی خۆی، بەکاری بێنینەوە، ڕێک بەم شێوە نوسراوانەی سەرەوە کە نیشانمان دان، دەردەکەون.
خاڵێکی گرینگ کە هەیە، ئەمەیە کە بەپێی بازنەی سینتەکسی، ئەمە نیمەمەودا دەکرێت لە بەشی ئەلفبێی ڕاستچینیش، بەکار بهێندرێت و چالاکی هەبێت، بۆ نمونە لە بەشی سینتەکسی و دۆخی "بکەر" و "بەرکار" لە پڕۆسەیەکی ئەرکدارانەی ڕێزمانی، دەردەکەون کە ڕەوتی پێکەوەنوسین لە زوانی کوردی بە کەڵک وەرگرتن لە نیمەمەودا، ڕێگە دەدرێت و ڕێگەی خۆی، دەکاتەوە.
سابیر ژاکاو
سەرچاوە:
وشەناسی، سابیر ژاکاو
پرشەدارێکی زمانەوانی ١، سابیر ژاکاو، زانکۆ
پرشەدارێکی زمانەوانی ٢،سابیر ژاکاو، زانکۆ
فۆنێتیک و فۆنۆلۆجی، سابیر ژاکاو

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.