چێشت (çāšt)
تاکو هێستا زۆر ڕونکردنەوە دراوە لەمەی کە زانستی ڕەچەڵەکناسی وشە، لەگەڵ بەکارهێنانی وشەنامە و هێنانەوەی سەر ئەم زوانە جیاوازیەکی زۆری هەیە! زانستی بەراوەردی زوانەکان لەگەڵ بەکارهێنانی وشەنامەگەل کە بەزۆر نازانستین لەگەڵ هاستی ڕەچەڵەکناسی وشەکان جیاوازیەکی زۆریان هەیە.
ـ یەکێک لەم وشانە، وشەی /چێشت/ە.
"چێشت" لەنێو زوانی کوردی بۆ مەبەستی ئەم خۆراکە بەکار دێت کە بڕیارە ژەمەسەرەکیەکانی وەکو، نانی بەیانی، نانی نیوەڕۆ، نانی شەوێ (شێو؛ بەگۆڕینی واج و لێکچوونی فۆنی /ا/ لە زوانەئێرانیەکان بوتە /شام و شێو، کە بۆ مەبەستی نانی شەوێ بەکار دێت)، بەکاریان بێنین.
ــ /چێشت/ دەبێتە ئەم خۆراکەی کە مرۆڤ بەکاری دێنێت بۆ خواردن، کە لەنێو زوانی فارسی بە (غذا) و عەرەبی بە (طعام) و فەرەنسی بە (nourritur) بەکار دەهێندرێت. وشەی /چێشت/ لە کرداری /چێژ/ وەرنەگیراوە، بەڵکو /چێژ/ لەم وشەیە وەرگیراوە، واتا دەستپێک /چێشت/ هەوبوە کە /چێژ/ دەرکەوتوە.
ـ وشەی /چێشت/ وشەیەکی پەهلەیی و بەبەربڵاوی لە زوانەپەرتۆئێرانی کۆن و نوێ بەشێوەی /چاشت çāšt/ دەرکەوتوە و هێستاش وەکو خۆی بەکار دەهێندرێتەوە. بۆ وێنە؛ لە زوانی (تالێشی، تاتی، تەنی، تەبەری، مازەنی، خوارەزمی، گیلەکی، بەلوچی، فارسی، دەری، پەشتونی...تاد) هەر بەشێوەی /چاشت/ و لەنێو زوانی ئۆرتۆکوردیەکان، لە زاری سلێمانی و موکری و سۆرانی و کورمانجی بەلێکچوونی فۆنی بزوێنی /ێ/ بوتە /چێشت/، لە زوانی کەڵهوڕی بەدەرکەوتنی بزرۆکە بەشێوەی /چشت/ ماوەتەوە، لە هەندێک لە شێوەزارەکانی زوانی کورمانجی بەشێوەی لێکچوونی فۆنی /چ/ بۆ /ت/ بەشێوەی /تێشت/ بەکار دێت، لە زوانی هەورامی هەر بەشێوەی /چێشت، چەشت/ بەکار دێت، کەچی لەم زوانە زۆرجار فۆنی /ش/ بەشێوەی /ژ/ توشی لێکچوون دەکەن و بەشێوەی /چێژت، چەژت/ بەکاری دێنن، لە زوانی لوڕی و لەکی هەر بەشێوەی /چاشت/ ماوەتەوە، وشەکە بەڕەچەڵەک لە زوانی ئەڤێستایی /cāsh, kash, chash/، لە پەهلەیی ماوەتەوە و بەشێوەی / çāšt، چاشت/ و /chashtan/ هاتوە، نەک /çājt چاژت/ و /جەژتەن/.
کورد هەر لەم وشەیە چاوگی /چێشتن/ی داڕشتوە کە بەواتای /تامکردن/، لە هاستی پراگماتیکی ئەم وشە و لە چوارچێوەی لێکسیکی و مۆرفۆلۆژیایی خۆی لە چاوگی کرداری /چێژان/ هاتوە، کەسێک کە تامێک /دەچێژێت، دەچێشێت/، زوانی کوردی و فارسی، کرداری /چێژتن/ و /چشیدن/یان لەم وشەیە داڕشتوە، بەرەی زمانەوانانی کۆنی کورد، تەنیا بۆ خۆجیاناسین و هێنانەدەر لەژێر هەژمون و ڕێکفی زوانی عەرەبی، پەنایان بۆ فۆن داڕشتن بردوە، کە لێکچوونی فۆنی کۆنسۆنانتی /ش/ بۆ /ژ/ یەکێک لەم بابەتانەبوە، وەکو: /واشە، وشە ـ واژە، وژە/، /مەشغەڵ ـ مەژغەڵ/، /چێشتن ـ چێژتن/، کەش ـ کەژ/...تاد، کە ڕەوتێکی لێکچوونی مێژویی کۆسنۆنانتی /ش/ بۆ /ژ/یە. بەهۆی ئەمەی کە ئەلفوبێی عەرەبی فۆنی /ژ/ی نیە، کورد ئەم فۆنە لەگەڵ فۆنی /ش/ توشی لێکچوون دەکات، زوانی فارس لە داری زوانی کۆنی خۆی، لێکچوونی فۆنی لە کردارەکەوە ساز نەکردوە و هەر بەشێوەی فۆنەتیکی خۆی لەسەر بنەمای فۆنۆلۆژی دێرنی ئەم وشەیەی بەڕیوەبردوە و کردارەکەی بەشێوەی /چشیدن/ ڕاگرتوە، کەچی کورد بەشێوەی /چێژتن/ کردارەکەی داڕشتوە، هەمو کەسی شارەزای ئیتمۆلۆژیایی و فۆنۆلۆژی دەزانێت، لێکچوون و تێچوون و نەرمبونەوە و پێکەوەهەڵنەکردنی فۆنەکان، بەزۆر نابنە واج کە واتای بنجەکە بگۆڕن و زۆرجار بەشێوەی نازانستی و خۆسەرانە فۆنەکانیان توشی سواندن و قڕتاندن و لێکچوون کردوە، گۆڕینی فۆنی /ش/ بۆ /ژ/ یەکێک لەم بابەتانەیە، وشەکە بەڕەچەڵەک /چێشتن/ بوە و کورد بۆخۆپاراستن لە عەرەبناسینی ئەم وشەیە بەشێوەی /چێژت، چێژتن، چێژ/ بەکاری هێناوە.
سەرچاوە: فەرهەنگی ڤێرسین
سابیر ژاکاو

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.