زوان، کۆمەڵە دیاردە و پێکهاتەیەکی زنجیرەییە کە لە ڕەوت و ڕەهەندێکی فرەڕەهەندی زانستیەوە، زنجیرەیەکی نەپساوەی زانستی، پێک دەهێنن کە پەیویستە بۆ ناسینی ئاڵقەیەک لەم زنجیرە، شارەزاییمان لە ئاڵقەکانی دیکەی ئەم زنجیرە نەپساوەیە هەبێت و بە گەڕانەوە بۆ هەر کام لە ئاڵقەکان، ئەم زنجیرە نەپساوەیە، بناسین. بەشێکی نەپساوەی ئەم زنجیرە لە ڕەوتی ڕێسا فۆنۆلۆجیەکانی زوانی کوردیک، ڕەوتی ئەڵۆکرۆن و دایەفۆنیە.
ئەڵۆکرۆن Allochronic
ئەم بەشە دەگرێتەوە کە تەیدا، پاش سازبونی فۆن و فۆنێم و واچ دەزگەی فۆنێتیکی هەر زوانێک بۆ بازنەی فۆنۆلۆجی ئەم زوانە، ئەمە لە ئاستی زنجیرەبەستنیان لە بەستێنی وشە و بڕگەیەک، ئاستی سازگەیی و بەرهەمهێنانی فۆنەکە و پڕۆسەی درێژەپێدانی ئاوا و دەنگی فۆنەکە لە بازنەی فۆنێتیکیەوە، دەکێشرێتەوە کە ئەم کێشرانەوەیە لە پرۆسەی فۆنۆلۆجیەوەش، هیچ ئەرکی واچی ناگرێتەوە و واتاگۆڕ نیە و ناتوانێت کە واتای وشەکە، بگۆڕێت و لە ئاستی لێکسیمی و واتایی، واتای بنەڕەتی و فەرهەنگی وشەکە، ناگۆڕێت و لە هەمان دۆخەوە ئەگەر فۆنەکە کورت و بێهێز بکرێتەوە و نزم بکرێتەوە، دوبارە هیچ کار لە واتای وشەکە ناکات و واتاگۆڕ، نیە.
بۆ نمونە ئەلۆفۆنی بێلایەنی [وو، uː] لە نمونەی (لوت lʊt، لووت luːt، قول qʊl، قوول quːl، ڕێنوس reːnʊs، ڕێنووس reːnuːs) و [یی، iː] لە نمونەی (شیر ʃiːr، پیر piːr، شادیی ʃɑːdi ، بژیی bʒiː) و بەرانبەریان لە دۆخی جوتەیی و جوتۆکەی بەرانبەری ڤاوڵی /و، ʊ/ و /ی، i/ دەکەونە ئەم پڕۆسەوە کە هیچ ئەرکێکی واتاگۆڕی نیە و کار لە واتای وشە ناکات. واتە پەیویست ناکات کە هەر کام لە مۆنۆفتۆنگەکان - تەک دەنگەکان بە جوتەپیت، بەکار ببەین. ئەمە بەرانبەری هەمان دۆخە کە بەهۆی دەرکەوتنی ئەم بەشە لە بازنەی کلاسیک و کۆنی ڕێنوسی زوانی کوردی، هەست دەکرێت کە چون فۆن و واچەکە لە بەستێنی وشەیەک دەکێشرێتەوە، ئەمە پەیویستە کە وەکو خۆی درێژ بنوسرێتەوە! سەرەڕای دۆخی کەرەستەناکەرتی و ڕێسا فۆنۆلۆجیەکانی دیکە کە دەبنە هۆکاری دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە، کورد و ڕێنوسەکەی بە شێوەیەکی خۆزا و سروشتی، زۆر لە مێژە بە شێوەی ئێکۆیی و ئوتۆماتیکی و خۆزاییەوە، لە وشەی وەکو (پیر، شیر، میر، ژیر) کە لەم دۆخە، ڤاوڵی /ی iː/ لە بازنەی فۆنۆلۆجی خۆی بەرانبەر بە ئاستی فۆنێتیکی خۆی، ئاستێکی کێشراوەیی هەیە و ڤاوڵی /ی/ کۆدی ئاوایی /iː/ هەیە، بەڵام ڕێنوسی کوردی هەر بە یەک /ی/ بەکاری هێناوە، هەمان پێوانەش بۆ دەرکەوەتنی /وو/ هەیه کە هێزێکی لاوازی دەگرێت و هەر بە یەک /و/ بەکاری دەبەین.
دایەفۆن Diaphone
بازنەیەکی دیکەی هاوشێوەی ئەرک و کارایی و چالاکی "ئەلۆکرۆنەوە" لەم دۆخەش، ئەمە جیاوازی فۆنێتیکی لەچاو ئەلۆکرۆن، دەردەکەوێت کە ئەم فۆن و دەنگە دەگرێتەوە کە لە پڕۆسەی فۆنێتیکی، ئەرکی جیاوازی لە سازگەیی و بەرهەمهێنان و فۆنێتیکیەوە، هەیە کەچی لە پڕۆسەی فۆنۆلۆجیەوە، هەمان ئەرک و چالاکی هەیە و ناچێتە، هێز و کارای واچ کە واتای وشە و بڕگەکە، بگۆڕێت و واتاگۆڕ بێت. بۆ نمونە لە زوانی کوردی، ئەمە ئەلۆفۆنی بێلایەنی [وو uː] و [یی iː] دەکەونە، ئەم بەشەوە کە دایەفۆنن و واتای بنەڕەتی و فەرهەنگی وشەکە، ناگۆڕن. بۆ نمونە:
قووت quːt - قوت qʊt
جووت ʤuːt - جوت ʤʊt
بژی bʒi - بژیی bʒiː
شادی ʃɑːdi - شادیی ʃɑːdi
#سابیرژاکاو
سەرچاوە:
فۆنێتیک و فۆنۆلۆجی کوردی، سابیر ژاکاو، لە ژێر چاپ.
چەنێلی تەلگرامی زمانناسی:
@zimannasi

Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.