زوان، کۆمەڵە دیاردە و پێکهاتەیەکی زنجیرەییە کە لە ڕەوت و ڕەهەندێکی فرەڕەهەندی زانستیەوە، زنجیرەیەکی نەپساوەی زانستی پێک دەهێنن؛ کە پەیویستە بۆ ناسینی ئاڵقەیەک لەم زنجیرە، شارەزاییمان لە ئاڵقەکانی دیکەی ئەم زنجیرە نەپساوەیە هەبێت و بە گەڕانەوە بۆ هەر کام لە ئاڵقەکان، ئەم زنجیرە نەپساوەیە بناسین. بەشێکی نەپساوەی ئەم زنجیرە لە ڕەوتی ڕێسا فۆنۆلۆجیەکانی زوانی کوردیک، ڕەوتی ئەڵۆکرۆن و دایەفۆنیە.
ئەڵۆکرۆن Allochronic
ئەم بەشە دەگرێتەوە کە تەیدا، پاش سازبونی فۆن و فۆنێم و واچ دەزگەی فۆنێتیکی هەر زوانێک بۆ بازنەی فۆنۆلۆجی ئەم زوانە، ئەمە لە ئاستی زنجیرەبەستنیان لە بەستێنی وشە و بڕگەیەک، ئاستی سازگەیی و بەرهەمهێنانی فۆنەکە و پڕۆسەی درێژەپێدانی ئاوا و دەنگی فۆنەکە لە بازنەی فۆنێتیکیەوە، دەکێشرێتەوە کە ئەم کێشرانەوەیە لە پرۆسەی فۆنۆلۆجیەوەش، هیچ ئەرکی واچی ناگرێتەوە و واتاگۆڕ نیە و ناتوانێت کە واتای وشەکە بگۆڕێت و لە ئاستی لێکسیمی و واتایی، واتای بنەڕەتی و فەرهەنگی وشەکە ناگۆڕێت. لە هەمان دۆخەوە ئەگەر فۆنەکە کورت و بێهێز بکرێتەوە و نزم بکرێتەوە، دوبارە هیچ کار لە واتای وشەکە ناکات و واتاگۆڕ نیە.
بۆ نمونە ئەلۆفۆنی بێلایەنی [وو، uː] لە نمونەی (لوت lʊt، لووت luːt، قول qʊl، قوول quːl، ڕێنوس reːnʊs، ڕێنووس reːnuːs) و [یی، iː] لە نمونەی (شیر ʃiːr، پیر piːr، شادیی ʃɑːdi، بژیی bʒiː) و بەرانبەریان لە دۆخی جوتەیی و جوتۆکەی بەرانبەری ڤاوڵی /و، ʊ/ و /ی، i/ دەکەونە ئەم پڕۆسەوە کە هیچ ئەرکێکی واتاگۆڕی نیە و کار لە واتای وشە ناکات.
واتە پەیویست ناکات کە هەر کام لە مۆنۆفتۆنگەکان، تەک دەنگەکان، بە جوتەپیت بەکار ببەین. ئەمە بەرانبەری هەمان دۆخە کە بەهۆی دەرکەوتنی ئەم بەشە لە بازنەی کلاسیک و کۆنی ڕێنوسی زوانی کوردی، هەست دەکرێت کە چون فۆن و واچەکە لە بەستێنی وشەیەک دەکێشرێتەوە، ئەمە پەیویستە کە وەکو خۆی درێژ بنوسرێتەوە.
سەرەڕای دۆخی کەرەستەناکەرتی و ڕێسا فۆنۆلۆجیەکانی دیکە کە دەبنە هۆکاری دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە، کورد و ڕێنوسەکەی بە شێوەیەکی خۆزا و سروشتی، زۆر لە مێژە بە شێوەی ئێکۆیی و ئوتۆماتیکی و خۆزاییەوە، لە وشەی وەکو (پیر، شیر، میر، ژیر) کە لەم دۆخە، ڤاوڵی /ی iː/ لە بازنەی فۆنۆلۆجی خۆی بەرانبەر بە ئاستی فۆنێتیکی خۆی، ئاستێکی کێشراوەیی هەیە و ڤاوڵی /ی/ کۆدی ئاوایی /iː/ هەیە، بەڵام ڕێنوسی کوردی هەر بە یەک /ی/ بەکاری هێناوە. هەمان پێوانەش بۆ دەرکەوەتنی /وو/ هەیە کە هێزێکی لاوازی دەگرێت و هەر بە یەک /و/ بەکاری دەبەین.
دایەفۆن Diaphone
بازنەیەکی دیکەی هاوشێوەی ئەرک و کارایی و چالاکی ئەڵۆکرۆنەوە لەم دۆخەش، ئەمە جیاوازی فۆنێتیکی لەچاو ئەڵۆکرۆن دەردەکەوێت کە ئەم فۆن و دەنگە دەگرێتەوە کە لە پڕۆسەی فۆنێتیکی، ئەرکی جیاوازی لە سازگەیی و بەرهەمهێنان و فۆنێتیکیەوە هەیە، کەچی لە پڕۆسەی فۆنۆلۆجیەوە هەمان ئەرک و چالاکی هەیە و ناچێتە هێز و کارای واچ کە واتای وشە و بڕگەکە بگۆڕێت و واتاگۆڕ بێت.
بۆ نمونە لە زوانی کوردی، ئەمە ئەلۆفۆنی بێلایەنی [وو uː] و [یی iː] دەکەونە ئەم بەشەوە کە دایەفۆنن و واتای بنەڕەتی و فەرهەنگی وشەکە ناگۆڕنر. بۆ نمونە:
قووت quːt — قوت qʊt
جووت ʤuːt — جوت ʤʊt
بژی bʒi — بژیی bʒiː
شادی ʃɑːdi — شادیی ʃɑːdi
سەرچاوە:
فۆنێتیک و فۆنۆلۆجی کوردی، سابیر ژاکاو، لە ژێر چاپ.
Zarge · گفتوگۆ
لێدوانەکان٠
لێدوانەکان ئامادە دەکرێن…
هێشتا لێدوان نییە — یەکەم کەس بە کە بۆچوونەکەت بنووسیت.